شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: لە تاریخا ئەڵێت بازێ بە بازێ

لە تاریخا ئەڵێت بازێ بە بازێ
وتی تا کەی بژین بێ قەدر و نازێ

هەتا کەی وێڵی سەحرا و دەشت و کێوان
هەتا کەی بێ تەقالای ڕزق و شێوان

وەرە با پێکەوە هەرد و لە گەڵ یەک
بڕۆینە لای ئەمیرێ یا وەزیرێک

لەمل کەین ملبەنی یاقووت و گەوهەر
لەپێ کەین زەنگڵەی ئاڵتوون زیوە

لەسەر تەختێکی زیوین دا بنیشین
بە بێ کۆشش بخۆین و هەم بنۆشین

شەوان هاو مەجلسی سوڵتان و میران
بە ڕۆژا ڕاو بکەین لێل شا و وەزیران

جەوابی دایەوە بازی بڵندخوو
وتی ئەرجوومە ئیتر لێل منا توو

مەکە ئەم نەوعە تەدبیر و بەیانە
لەبەر شانم وەکوو مەرگی گرانە

بە حوڕڕییەت بە هەردە و دارەوە بم
لە برسیانا ئەگەر مردارەوە بم

دەڵێم سەد ساڵ بە تامەزرۆ و بە برسی
بژیم و نەک ببینم ڕۆژی حەپسی

بە سەربەستی هەزار برسی و فەقیر بم
گەلێ لام خۆشترە تێر و ئەسیر بم

بە سەر بەرد و لەناو بەفرا بەبێ باک
بە دەم تیرۆ بغڵتێمۆ لەناو خاک

نە وەک مەحکوومی شاهان و وەزیران
زەلیلی قوشچی و ئەمری ئەمیران